ئاراستەی گەڕانەوەی هیوا: ئەگەر پاڵپشتی بکرێن، منداڵانی پەنابەران زاڵ دەبن بەسەر ئاستەنگەکانی مانەوە لە قوتابخانە
ئاراستەی گەڕانەوەی هیوا: ئەگەر پاڵپشتی بکرێن، منداڵانی پەنابەران زاڵ دەبن بەسەر ئاستەنگەکانی مانەوە لە قوتابخانە
هەموو بەیانیەک لەکاتی رۆیشتن بۆ قوتابخانە، بیر لەو ئاراستە جیاوازە دەکاتەوە کە لەوانەیە ژیان پێیدا بڕۆیشتایە. ئاراستەیەک کە کرێکاریی بیناسازی دەکرد، لەجیاتی لەپێشدانانی خوێندنەکەی.
ئێستا تەمەنی ١٦ ساڵە، مەحمود لەکاتی گەیشتنی بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق تەنها منداڵێکی بچووک بوو، پاش هەڵهاتنی خێزانەکەی لە سوریا لە ساڵی ٢٠١٩. لەکاتێکدا کە باوکی ماندوونەناسانە کاریدەکرد بۆ دابینکردنی بژێوی خێزانەکەی، سەقامگیریی خێزانەکە شێوا پاش ئەوەی تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوو. تا لە ساڵی ٢٠٢٢ و پاش چەندین ساڵ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکە، باوکی مەحمود کۆچی دوایی کرد، خێزانەکەی لە قەیرانی داراییدا بەجێهێشت و مەحمود ناچاربوو واز لە قوتابخانە بهێنێت.
دڵشانی دایکی دەڵێت: "مەحمود لە تەمەنێکی منداڵیدا ناچاربوو ئەرکی خۆی بگۆڕێت لە برا گەورەوە بۆ کۆڵەکەی پاڵپشتیکردنی خێزانەکەی. ئەمەش بۆ تەمەنی ئەو دادپەروەرانە نەبوو."
لەماوەی دوو ساڵی رابوردودا، مەحمود وەک کرێکاری رۆژانەی بیناسازی کاری دەکرد و بەرگەی رۆژی درێژ و تاقەتپڕوکێنی گرت بۆ یارمەتیدانی مانەوەی خێزانەکەی. مەحود دەڵێت: "کارەکە سەخت بوو، بەڵام هەمیشە بیرم لە خێزانەکەم دەکردەوە."
بەڵام سەرەتای ئەمساڵ، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران هاوکاریی پێشکەش کردن. لەڕێگەی هەوڵەکانی دەستگەیشتنەوە، مەحمود وەک قوتابی دابڕاو لە خوێندن دەستنیشانکرا لەو شارەی لێی دەژی لەلایەن منداڵپارێزی کودردستانەوە، کە دواتر قسەیان لەگەڵ خێزانەکەی کرد سەبارەت بە گرنگیی خوێندن.
یەکێک لە گەورەترین نیگەرانییەکانی مەحمود سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ قوتابخانە بریتی بوو لەوەی چەند دواکەوتووە بەراورد بە هاوپۆلەکانی لەو ماوەیەدا کە لە دەرەوەی پۆلی قوتابخانە بووە. بەڵام وانەکانی پێڕاگەیشتنەوە و پاڵپشتی خوێندنی دابینکراو لەلایەن ئینتەرسۆس ی هاوبەشی کۆمسیاری باڵای پەنابەران، ئەو ئامرازانەی پێشکەش کرد کە پێویست بوون بۆ پڕکردنەوەی ئەم کەلێنە. لەڕێگەی ئەم یارمەتیەوە، مەحمود سەرکەوتوانە تاقیکردنەوەکانی قۆناغی هەشتەمی تەواوکرد و توانی بچێتە قۆناغی نۆیەم، بەبێ لەدەستدانی ساڵێکی پێشکەوتن.
مەحمود دەڵێت: "متمانەیان بە پەروەردە بۆ گەڕاندمەوە. هاوڕێکانم و مامۆستاکانم بە خەندەی گەرمەوە پێشوازیان لێکردم، منیش دەمزانی ئەمە شوێنی گونجاوی منە."
ئەم جۆرە هاوکارییە پەروەردەییە زۆر گرنگە بۆ پاراستنی ئەو منداڵانەی لەژێر مەترسی گەورەدان. لەڕێگەی کۆمەکی کۆمەکبەخشانی وەک کەنەدا، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران هاوکاریی زیاتر لە ١٨٠٠٠ منداڵی پەنابەری کردوە لە ساڵی ٢٠٢٤ لەڕێگەی پرۆگرامی هاوشێوە، بۆ مەبەستی زیادکردنی دەستگەیشتن بە پەروەردە و پاراستنی منداڵان لەڕێگەی هاوکاریی دەروونیی، خولەکانی منداڵ بەخێوکردن و چالاکییەکانی بەرزکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی بایەخی خوێندن.
نورهان، پەنابەرێکی ٩ ساڵان، نموونەیەکی تری هاوشێوەیە. لە بنەڕەتدا خەڵکی سوریایە، خێزانەکەی نورهان لە ساڵی ٢٠١٣ هەڵهاتن بەرەو کوردستان. لەکاتی گۆڕینی خانووەکەیان، نزیکترین قوتابخانە زۆر دوور بوو و نەیاندەتوانی پارەی گواستنەوە بدەن. ئەمەش واتا نورهان دابڕا لە وەرزی یەکەمی قۆناغی دووەم – ساتەوەختێکی دڵتەزێن بۆ منداڵێکی کچ کە لە هەموو شتێک زیاتر حەزی لە قوتابخانە بوو.
نورهان دەڵێت: "زۆر دڵتەنگ بووم، کاتێک هاوڕێکانم لێیان دەپرسیم بۆ ناچم بۆ قوتابخانە. قوتابخانە دڵخوازترین شوێنی منە لە جیهاندا."
بە هاوبەشیی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە، ئینتەرسۆس ی هاوبەشی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، کاریکرد بۆ دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ نورهان بۆ چوون بۆ قوتابخانەیەکی نزیک لە ماڵەکەیان، واتا توانی بگەڕێتەوە بۆ قوتابخانە بەبێ بارگرانی خەرجیی گواستنەوە.
بۆ نورهان، گەڕانەوە بۆ قوتابخانە واتا شادبوونەوە بە لیای باشترین هاوڕێی و دەستکردنەوە بە خوێندنی بیرکاری کە دڵخوازترین بابەتیەتی. ئێستا خەونی ئەوەیە ببێت بە پزیشک.
ئێستا خێزانی مەحمود و نورهان هەست بە نوێبوونەوەی هیوا دەکەن. مەحمود کە خەونی ئەوەیە ببێت بە پارێزەر، رژدە لەسەر ئەوەی ببێتە نموونە بۆ برا و خوشکە بچووکەکانی. دەڵێت "قوتابخانە تەنها شوێنێک نییە، قوتابخانە ئایندەی منە."
ئوم عەلی دایکی نورهان باسی هەستێکی هاوشێوە دەکات: "تەنها شوێنێک بۆ منداڵەکانم بۆ ئەوەی ئایندەیان هەبێت، قوتابخانەیە. بینینی نورهان کە دڵی خۆشە و دەخوێنێت، وام لی دەکات بڕوا بکەم کە رۆژی باشترمان لەپێشە."
لیلی کارلایو بەشداریکردوە لە ئامادەکردنی ئەم چیرۆکە