Close sites icon close
Search form

بەدوای سایتی وڵاتدا بگەڕێ.

دەربارەی وڵات

ماڵپەڕی وڵات

پەنابەران و کارمەندانی پزیشکیی خۆجێی چاودێری تەندروستی لە دهۆک بەرەوپێش دەبەن

چیرۆکەکان

پەنابەران و کارمەندانی پزیشکیی خۆجێی چاودێری تەندروستی لە دهۆک بەرەوپێش دەبەن

19 حوزەیران 2024 هەروەها لێرەدا بەردەستە:
خالید شیکاری نموونەی خوێن دەکات لە بنکەی تەندروستی دۆمێز. © کۆمسیاری پەنابەران / رەشید حوسەین

هەموو بەیانیەک، دکتۆر ئەمیر مەودایەکی کورت بە ئۆتۆمبیل دەبڕێت لە ماڵەکەیەوە لە شارۆچکەی دۆمێز بۆ نۆڕینگەی چاودێری تەندروستی بنەڕەتیی خۆجێی. پەنابەرێکی سوری و پزیشکی ئافرەتانە و ئێستا لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەژی، پاش هەڵهاتنی لە سوریا لە ساڵی ٢٠١٣. رۆژەکەی بەتەواوی پڕە لە دیدار – لە کاتژمێر ٨ی بەیانییەوە کاردەکات تا ١ی نیوەڕۆ، هەفتەی شەش رۆژ، چاودێری چەندین نەخۆش دەکات، هەر لە ژنی دووگیانەوە تا ئەو کەسانەی گرفتی منداڵبوونیان هەیە.

سەرەڕای خشتە جەنجاڵەکەی، دکتۆر ئەمیر، شانازی دەکات بە پیشەکەی و ئەو راستیەی کە دەتوانێت بەردەوام بێت لە پیشەکەی وەک پسپۆڕی پزیشکیی لە عێراق. "خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق یارمەتیاندام بۆ وەستان لەسەر پێیەکانم و بەکارهێنانی ئەزموونی خۆم بۆ چادێریکردن و چارەسەرکردنی کەسانی تر."

دەڵێت "هیچ شتێک بەراورد ناکرێت بە هەستی بوونە بەشێک لە کۆمەڵگە و یارمەتیدانی کەسانی تر بە یەکسانی."

بنکەی تەندروستی بنەڕەتی دۆمێز، تەنها یەک کلیۆمەتر دوورە لە کەمپی پەنابەرانی دۆمێز لە پارێزگای دهۆک، لە نیسانی ٢٠٢٤ کرایەوە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بۆ پەنابەران و دانیشتوانی خۆجێی. لەلایەن کۆمسیاری باڵای پەنابەران دروستکرا و رێکخراوی تەندروستی جیهانی کەلوپەل و پێداویستییەکانی بۆ دابینکرد، ئێستا رۆژانەی چارەسەر پێشکەش دەکات بە زیاتر لە ٣٠٠ نەخۆش. لە کۆی گشتیدا، ٧٦ کارمەندی هەیە، لەوانە ٤٤ پەنابەری کارمەند و خۆبەخش کە لە بنکە تەندروستیەکە کاردەکەن.

هاوشان لەگەڵ دکتۆر ئەمیر، پەنابەری سوری هاوکاری خالید موحەمەد وەک پسپۆڕی تاقیگە خۆبەخشانە کاردەکات.

خالید باسی هەڵهاتنەکەی لە قامیشلو بۆ دهۆک دەگێڕێتەوە "کاتێک شەڕ لە شارەکەی من دەستیپێکرد، تەنها شت کە بیرم لێ دەکردەوە بردنی خێزانەکەم بوو بۆ شوێنێکی سەلامەت. لێرە کەسم نەدەناسی، بەڵام هەمووان یارمەتی خێزانەکەمیاندا تا سەقامگیر بووین. هەستم بە هیچ نەکرد تەنها سوپاسگوزاری نەبێت."

ئێستا لە کەمپی دۆمێز-١ نیشتەجێیە، خالید سوپاسگوزارییەکەی گۆڕیوەتە سەر کرداری واتادار. لە بنکەی تەندروستی بنەڕەتی دۆمێز، نموونەی پشکنینی نەخۆشەکان وەردەگرێت و شیکارییان دەکات بۆ داتا پزیشکییەکان بۆ ئەوەی زامنی دەستگەیشتنی کۆمەڵگەکەی بکات بە خزمەتگوزاری تەندروستی پشتپێبەستراو.

خالید دەڵێت: "هەستدەکەم ئەرکی منە خزمەت بگەڕێنمەوە بۆ ئەو کۆمەڵگەیەی پاڵپشتی خۆم و خێزانەکەی کردم لە کاتە سەختەکاندا."

سەرەڕای هەموو نادڵنیاییەکانی ئاوارەبوون، خۆڕاگریی و رژدبوونی دکتۆر ئەمیر و خالید بۆ بەردەوامبوون لە پیشەکەیان، رێگەیدان ژیانی خۆیان بونیات بنێنەوە. دکتۆر ئەمیر تەنانەت نۆڕینگەی تایبەتی هەیە لە دهۆک، کە دوانیوەڕوان کاردەکات و چاودێری تەندروستی گرنگ پێشکەش دەکات بە کۆمەڵگە بەگشتی.

دکتۆر خالید شەمعون، بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستی بنەڕەتیی دۆمێز دەڵێت: "ئەم کارمەندە پزیشکییانە لە کەسانی ئاوارەوە دەگۆڕین بۆ بەشداربووی گرنگ و بونیاتنەری خۆڕاگریی بۆ پەنابەران و کۆمەڵگەی خۆجێی." مونتەها، پسپۆڕێکی تری تاقیگە لە بنکە تەندروستیەک هاوڕایە و دەڵێت: "کاتێک پەنابەران دەرفەتی کارکردنیان پێدەدرێت، دەبنە ئەندامی بەهاداری کۆمەڵگە."

هاوکات هەوڵەکانی ئەمیر و خالید دەرخەری بەهای یەکخستنی پەنابەرانە لەناو کۆمەڵگە و پێدانی دەرفەتە بە پەنابەران بۆ کارکردن لە کۆمەڵگەی خۆجێی. خالید دەڵێت: "کاتێک ئێمە بەشێکین لە کۆمەڵگە، دەتوانین کارامەییەکانی خۆمان بەکاربهێنین بۆ بەهێزترکردنی کۆمەڵگە." پێکەوە، تەنها تواناکانی چاودێری تەندروستی هەرێم بەهێزتر ناکەن، بەڵکو هاوکات دەبنە نموونەی باڵای پشتبەخۆبەستن و خۆڕاگری لەناو پەنابەراندا.

کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران بەردەوامە لە لۆبیکردن بۆ یەکخستنی پەنەباران لەناو سیستمە نیشتیمانییەکانی وەک چاودێری تەندروستی لە سەرانسەری عێراق. بنکەی تەندروستی بنەڕەتیی دۆمێز، نموونەیەکی سەرەکییە لەسەر ئەوەی چی دەکرێت بکرێت بۆ توانادارکردنی دەستگەیشتنی یەکسان و پتەوکردنی تەبایی کۆمەڵایەتی لەنێوان پەنابەران و کۆمەڵگە خانەخوێکان.

لیلی کارلایڵ بەشداری کرد لە ئامادەکردنی ئەم چیرۆکە.