سویسرا هاوکارییەکانی زیاد دەکات بۆ ئاوارە ناوخۆییەکانی عێراق لەڕێگەی بەخشینی 1 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی
سویسرا هاوکارییەکانی زیاد دەکات بۆ ئاوارە ناوخۆییەکانی عێراق لەڕێگەی بەخشینی 1 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی
15 تەموز 2024
فەیسەڵ و خێزانەکەی لە ساڵی 2014 لە سوریا ئاوارەبوون و لەنێوان چەندین کەمپدا هاتوچۆیان کرد لە باکوری عێراق لە پارێزگای دهۆک، تا لە کۆتایدا لە کەمپی دومێز بۆ پەنابەرە سورییەکان نیشتەجێ بوون. فەیسەڵ وەک کرێکاری بیناسازی کاردەکات و پاڵپشتی خێزانەکەی دەکات لەڕێگەی کارکردنەوە. هاوژینەکەی ژنی ماڵەوەیە و منداڵەکانی دەچن بۆ قوتابخانەی کەمپەکە.
کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران پێشوازی دەکات لە بەخشینی نوێ بە بڕی 940،000 فرانکی سویسری (نزیکەی یەک ملیۆن دۆلاری ئەمریکی) لەلایەن حکومەتی سویسراوە. ئەم کۆمەکە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پرۆگرامەکانی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران بۆ هاوکارییکردنی پەنابەران، ئاوارە ناوخۆییەکانی عێراق و ئەو کەسانەی لەژێر هەڕەشەی بێدەوڵەتبووندان.
کۆمەکەی سویسرا بەتایبەتی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران توانادار دەکات بۆ بەردەوامبوونی چالاکییە سەرەکییەکانی پاراستن – وەک تۆمارکردن و هاوکاریی یاسایی – هاوکات سیستمە نیشتیمانییەکان بەهێزتر دەکات بۆ هاوکارییکردنی پەنابەران هاوشێوەی هاووڵاتیانی عێراقی. هاوکات پاڵپشتی هەوڵەکانی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پێداویستییە دابین نەکراوەکان بۆ بەدەستهێنانی بەڵگەنامەی شارستانی بۆ کەسانی دۆخناسک لەناو ئاوارە عێراقییەکاندا. لە ساڵی 2019ەوە، پێکەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران یارمەتی زیاتر لە 200،000 عێراقی داوە بۆ بەدەستهێنانی بەڵگەنامە گرنگەکان بۆ ئەوەی بتوانن دەستیانبگات بە مافە بنەڕەتییەکانیان.
بەڕێز ئیملیا جۆرجیڤا، باڵوێزی سویسرا لە عێراق کە بنکەیان لە عەممان، ئوردونە، وتی "سویسرا پابەندە بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پاڵپشتیکردنی ئەو کۆمەڵگانەی کاریگەربوون بە ناکۆکییەکان. لەڕێگەی هاوبەشیمان لەگەڵ کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، هەوڵ دەدەین پەنابەران توانادار بکەین و رێگەچارەی بەردەوام بەدیبهێنین بۆ ئاوارە ناوخۆییەکان."
زۆرینەی پەنابەران لە عێراق خەڵکی سوریان و لە هەرێمی کوردستانی عێراق نیشتەجێن. لەئێستادا زۆرینەیان دەستگەیشتنیان هەیە بە خزمەتگوزاری کواڵیتی بەرزی پەروەردە و تەندروستی گشتی، هەروەها دەرفەتیان هەیە بۆ پەرەپێدانی گوزەران، بەتایبەتی لە کەرتی نافەرمیی. دەسەڵاتە عێراقییەکان پابەندبوونی بەهێزیان نمایش کردوە بۆ لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی زیاتر بەرامبەر پەنابەرانی سوری و پەنەبارانی تر، بەڵام بەخشینی لایەنە کۆمەکبەخشەکان هێشتا گرنگە بۆ دڵنیابوون لە بەهێزکردنی پەیکەرە نیشتیمانییەکان و توانادارکردنیان بۆ خزمەتکردنی پەنابەران و ئاوارە ناوخۆییەکان.
پاولینا فرێزنا، نوێنەری بە وەکالەتی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، وتی "هاوبەشیمان لەگەڵ سویسرا زۆر گرنگ بووە بۆ یارمەتیدانی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە دۆزینەوەی رێگەچارە درێژخایەنەکان بۆ دانیشتوانی ئاوارە لە عێراق، لەڕێگەی بەرزکردنەوەی تواناکانی دەسەڵاتە پەیوەندارەکان بۆ دەرکردنی بەڵگەنامە شارستانییەکان."
کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران سوپاسگوزارە بەرامبەر پابەندبوونی بەردەوامی سویسرا بە پاراستنی نێودەوڵەتییەوە، کە هێشتا یەکێکە لە ئەولەویەتەکان لە عێراق وەک بەشێکی دانەبڕاو لە رێگەچارەکانی ئاوارەبوون."
سویسرا هێشتا یەکێکە لە هاوبەشە حکومییە سەرەکییەکانی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، لەسەر ئاستی جیهان و لەسەر ئاستی عێراق. هاوکاریی نەرم و پێشبینیکراوی سویسرا، هۆکارە بۆ زامنکردنی دەستبەرکردنی سەرچاوە گرنگەکان بۆ پێداویستییە هەنووکەییەکان، هەروەها بۆ یارمەتیدانی بەرزکردنەوەی تواناکانی دەسەڵاتەکان و پتەوکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ ئاسانکردنی لەخۆگرتنی پەنابەران.
عێراق بەخشندانە میوانداری نزیکەی 300،000 پەنابەر دەکات. لەکاتێکدا کە زۆرینەیان لەناو شارۆچکە، گوند و شارەکان دەژین هاوشان لەگەڵ کۆمەڵگە عێراقییەکان، نزیکەی 32 لەسەد نیشتەجێن لە نۆ کەمپی پەنابەران لە هەرێمی کوردستانی عێراق. پەنابەران ئاسۆی سنوورداریان لەپێشە بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان، بە لەبەرچاوگرتنی ناسەقامگیری بەردەوام و پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ و یاسا مرۆییەکان و تووندوتیژی، لەبەرئەوە پێویستیان بە هاوکاریی بەردەوام هەیە بۆ ئەوەی بتوانن پشتبەخۆبەستن بەدیبهێنن و ببنە ئەندامی چالاکی کۆمەڵگەکانیان. زیاتر لە یەک ملیۆن عێراقی هێشتا ئاوارەی ناوخۆیین، نزیکەی 150،000 لەمانە لە 21 کەمپ نیشتەجێن لە هەرێمی کوردستان، کە ئێمە سەبارەت بەم ئاوارانە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ دەسەڵاتەکان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی شکۆمەند و بەردەوام، لەوانە گەڕانەوەی سەلامەت و خۆبەخش بۆ ناوچە رەسەنەکانی خۆیان، نیشتەجێکردنەوە لە ناوچەکانی تر و لەخۆگرتنی خۆجێی.
بۆ زانیاری زیاتر تکایە پەیوەندی بکە بە: [email protected]