کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران پێشوازی دەکات لە کۆمەکی دارایی نوێکراوەی فەڕەنسا بۆ پاڵپشتیکردنی ئاوارە زۆرەملێکان لە عێراق
کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران پێشوازی دەکات لە کۆمەکی دارایی نوێکراوەی فەڕەنسا بۆ پاڵپشتیکردنی ئاوارە زۆرەملێکان لە عێراق
حکومەتی فەڕەنسا بەخشینی بڕی یەک ملیۆن یۆرۆی راگەیاند بە کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) لە عێراق. ئەم کۆمەکە دەبێتە هۆی توانادارکردنی کاری گرنگ بۆ بەهێزکردنی چوارچێوە یاساییەکانی عێراق پەیوەست بە دانیشتوانی ئاوارە، دڵنیاییکردن لە دەستگەیشتن بە مافی پەناخوازی، رێگرتن لە ناردنەوەی زۆرەملێ و بەهێزکردنی پاراستن بۆ پەنابەران.
هاوکات کۆمەکە کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران توانادار دەکات بۆ بەردەوامبوون لە کارکردن بۆ کەمکردنەوەی مەترسی تووندوتیژی جێندەریی و دڵنیاییکردن لەوەی رزگاربووان یارمەتی پێویست وەردەگرن، هەرەوەها دابینکردنی پاڵپشتی هەمەلایەن بۆ منداڵانی پەنابەر.
پۆڵین فرێزنا، نوێنەری بەوەکالەتی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە عێراق، ستایشی پابەندبوون و پێداگری فەڕەنسای کرد بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەکان بۆ کەسانی ئاوارەی زۆرەملێ. "ئەم کۆمەکە لە کاتێکی زۆر گرنگدا دێت، پاڵپشتی هەوڵەکانی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران و حکومەتی عێراق دەکات بۆ جێبەجێکردنی سیاسەت و پرۆگرامە گرنگەکان کە زامنی پاراستنی ئاوارە زۆرەملێکان دەکەن لە سەرانسەری وڵات. فەڕەنسا پەیمانەکانی جێبەجێکرد، بۆ بەتەنها جێنەهێشتنی پەنابەران و ئاوارە ناوخۆییەکانی عێراق."
لەبەرئەوەی ژمارەیەکی زۆری ئاوارەی ناوخۆیی و ئاوارەی ناوخۆیی گەڕاوە لە عێراق بەڵگەنامەکانیان ونکردوە یان تێکچووە، یان لەوانەیە هەرگیز دەستیان نەگەیشتبێت بەم جۆرە بەڵگەنامانە، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران ئەم کۆمەکە بەکاردەهێنێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەوانەی هێشتا ئاوارەی ناوخۆیین لە عێراق، لەڕێگەی هاوکاریی کردنیان بۆ دەستگەیشتن بە بەڵگەنامە شارستانییەکان. هەبوونی ئەم بەڵگەنامانە زۆر گرنگە بۆ دەستگەیشتنی عێراقییەکان بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان و بەشداریکردن لە کاروباری گشتی وڵاتەکە.
"فەڕەنسا بەردەوام هاوکاریی عێراقی کردوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاکامەکانی ناکۆکییەکان و قەیرانەکان کە رووبەڕووی عێراق بوونەتەوە."
بەڕێز پاتریک دورێڵ، باڵوێزی فەڕەنسا لە عێراق، وتی "بەردەوامین لەم کارە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتە عێراقییەکان و هەموو لایەنە پەیوەندارەکان، لەوانە کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران. ئێمە بە گرنگی دەزانین هاوکاری پێویست دابین بکەین بۆ کەسانی دۆخناسک لە عێراق، بۆ ئەوەی بتوانن دەستگەیشتنی باشتریان هەبێت بە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و لە ئەنجامدا باشتر ئاوێتەبن لەناو کۆمەڵگەدا."
فەڕەنسا یەکێکە لە دە گەورەترین کۆمەکبەخشان بۆ کارە جیهانییەکانی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، هەروەها کۆمەکی بەردەوام و پشتپێبەستراو دابین دەکات. تا ئەمڕۆ، فەڕەنسا زیاتر لە 100 ملیۆن یۆرۆی بەخشیوە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی پەنابەران و ئاوارەکان، لەگەڵ بایەخدانی تایبەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق.
لەئێستادا، عێراق میوانداری زیاتر 300،000 پەنابەر دەکات، کە بەگشتی خەڵکی سوریان. زۆرینەیان لە ناو شارەکان دەژین هاوسێ لەگەڵ کۆمەڵگە عێراقییەکان، لەکاتێکدا کە نزیکەی 28 لە سەدیان لە نۆ کەمپی پەنابەران دەژین لە هەرێمی کوردستانی عێراق. هاوکات زیاتر لە 1 ملیۆن عێراقی ئاوارەی ناوخۆیین، کە 115،000 کەسیان لە 21 کەمپی ئاوارەکان دەژین لە هەرێمی کوردستانی عێراق. کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران بەردەوامە لە کارکردن لەگەڵ دەسەڵاتەکان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی شکۆمەند و درێژخایەن بۆ ئاوارە ناوخۆییەکان، لەوانە گەڕانەوەی سەلامەت و خۆبەخش بۆ ناوچە رەسەنەکانی خۆیان، نیشتەجێکردنەوە لە ناوچەکانی تری وڵات و لەخۆگرتنی خۆجێی.
بۆ زانیاری زیاتر تکایە پەیوەندی بکە بە: [email protected]