هەزاران خێزانی پەنابەر لە هاوکارییە نەختینییەکان بڕدراون بەهۆی نەبوونی بودجە
هەزاران خێزانی پەنابەر لە هاوکارییە نەختینییەکان بڕدراون بەهۆی نەبوونی بودجە
کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆپەنابەران هۆشداری دەدات لە لێکەوتە مرۆییە سەختەکان لە کاتێکدا خێزانە لاوازەکان ڕووبەڕووی مەترسی دەرکردن و برسێتی و قەرز دەبنەوە.
٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ -لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمەوە، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆپەنابەران لە عێراق بەهۆی کەمیی دارایی زۆرەوەناچاربوو هاوکاریی نەختینەیی مانگانە ڕابگرێت بۆ ئەو خێزانە پەنابەرانەی کە لەڕووی ئابووری کۆمەڵایەتییەوە لاوازترن .
لە نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥دا، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆپەنابەران هاوکاری نەختینەیی پێشکەش بە زیاتر لە ٥٥٠٠ خێزانی پەنابەری لاواز کرد کە لە ٣٠ هەزار کەس پێکهاتبوون. ئەم خێزانانە بریتین لە کەسانی بەساڵاچوو و خاوەن پێداویستی تایبەت و دایکانی تاقانە کە زۆرێکیان هیچ سەرچاوەیەکی تری داهاتیان نییە بۆ ئەوەی بتوانن بژێوی خێزانەکانیان بکەن. بۆ ئەوان، هاوکاری نەختینەیی هێڵێکی ژیان بووە کە توانای ئەوەیان پێداوە کرێی خانوو بدەن و خۆراک بکڕن و پارەی سەرەتایی پزیشکی دابین بکەن و خەرجییەکانی دیکەی ماڵەکە دابین بکەن.
سەرەتای ئەمساڵ لە مانگی ئایاری ٢٠٢٥، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆپەنابەران پێشتر ناچار بوو ١٥٠٠ خێزانی پەنابەر لە بەرنامەی هاوکاری نەختینی خۆی دووربخاتەوە بەهۆی کەمیی بودجە. ئەو خێزانانە تەنها شەش مانگ هاوکاری نەختینەیان وەرگرتووە لە کۆی ئەو دوانزە مانگەی کە لە سەرەتادا پلانی بۆ دانرابوو. هەروەها دوای ئەم بڕینانە، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆپەنابەران ناچار بوو تێکڕای بڕی هاوکاری نەختینەیی بۆ هەر خێزانێک لە ٢٥٠ دۆلاری ئەمریکییەوە بۆ ١٥٠ دۆلاری ئەمریکی بۆ ٥٥٠٠ خێزانەکەی دیکە کەم بکاتەوە. ئەم خێزانانە ئێستا لە بەرنامەکە دەبڕدرێن دوای ئەوەی تەنها دە مانگیان لە دوانزە مانگ وەرگرتووە کە پلانی بۆ دانراوە.
ئەو چاودێریکردنەی کە دوای کەمکردنەوەی مانگی حوزەیران ئەنجامدرا ستراتیژییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیدار لە نێوان خێزانە زیانلێکەوتووەکاندا ئاشکرا کرد دوای ئەوەی لە بەرنامەی هاوکاری نەختینەیی بڕدرابوون: ٩٥٪ ی ماڵەکان خەرجییەکانی ماڵەکانیان کەمکردەوە و ٨٥٪ ی ماڵان کرێی ماڵەکانیان وەستاند و ٧٠٪ پەنایان بردە بەر قەرز و ٥٥٪ ناچاربوون بچنە شوێنی داڵدەدانی هەژارتر و هەرزانتر و ٥٠٪ ی ماڵەکان سەروەت و سامانەکانیان فرۆشت.
کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆپەنابەران پێشبینی دەکات کاریگەری هاوشێوە یان خراپتر لەسەر ژمارەیەکی زۆر زیاتر لە خێزانەکان دوای داخستنی تەواوەتی بەرنامەکە دروستببێت، چونکە خێزانەکان ڕووبەڕووی مەترسی دەرکردن و برسێتی و نەخۆشی چارەسەرنەکراو و خراپتربوونی هەژاری و بێ هاوکاری دەبنەوە.
پاولین فرێین، جێگری نوێنەری کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆپەنابەران لە عێراق، وتی: "بەرنامەی هاوکاری نەختینەیی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆپەنابەران لە عێراق بەڕاستی ژیانی خەڵک ڕزگار دەکات، بەبێ ئەو بەرنامەیە خێزانەکان ناچار دەبن هەڵبژاردنی مەحاڵ بکەن بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی مانگەکانی زستان. ئێمە بانگەوازی بەپەلە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین هەنگاو بنێن و بودجە پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی ڕێگە بدەن بەرنامەکە لە ساڵی ٢٠٢٦ بەردەوام بێت."
لە کاتێکدا کە بەرنامەی هاوکاری نەختینەیی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆپەنابەران وەک سەرچاوەیەکی گرنگی پشتیوانی بۆ خێزانە پەنابەرەکان دەمێنێتەوە، هەروەها کۆمسیاری پەنابەران بەردەوامە لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ دیاریکردنی ڕێگاکان بۆ ئەو پەنابەرە لاوازانەی کە توانای بەردەوامکردنی بژێوی ژیانیان بە شێوەیەکی سەربەخۆ نییە بۆ ئەوەی بخرێنە ناو سیستەمی پاراستنی کۆمەڵایەتی نیشتمانییەوە، بەمەش پشتبەستنیان بە یارمەتییە مرۆییەکان کەم دەبێتەوە. هێشتا پەنابەران بەشێک نین لە بەرنامەی پاراستنی کۆمەڵایەتی عێراقدا، بەڵام پڕۆژەیەکی تاقیکاری کە بۆ دۆهوک پلانی بۆ دانراوە، بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و بانکی نێودەوڵەتی بەشداریکردنیان تاقیدەکاتەوە. ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بەرەو پێشخستنی گشتگیری پەنابەران لە عێراق، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی سنوورداری پەنابەرانی سووری کە چاوەڕوان دەکرێت لە دوانزە مانگی داهاتوودا بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان و ڕەنگدانەوەی گواستنەوەی فراوانتری عێراقە لە وەڵامدانەوەی مرۆییەوە بۆ چارەسەرە گەشەپێدانەکان.
لە ئێستادا عێراق میوانداری زیاتر لە ٣٤٥ هەزار پەنابەر و پەناخوازان دەکات کە لەسەدا ٩٠ی ئەو پەنابەرانە خەڵکی سوریان.
بۆ هەر پرسیارێکی ڕۆژنامەوانی:
لیلی کارلایلۆ
بەرپرسی بەشی پەیوەندییە دەرەکییەکان
تەلەفۆن: +9647704946425
ئیمەیڵ: [email protected]
ڕەشید حسێن ڕەشید
یاریدەدەری باڵا بۆ ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان
تەلەفۆن: +9647507130014
ئیمەیڵ: [email protected]